دوو منداڵی تازه له‌دایكبوو ناونران "كرۆنا" و "كۆڤید"
ته‌واوی شه‌قامه‌كانی هندستان داخراون
K24 - مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
ژن و پیاوێكی هندی دوو منداڵه دوانه‌كه‌یان ناونا "كۆڤید" و "كۆرۆنا" ئه‌ویش دوای له دایكبوونیان له كاتێكی خراپ، كه ته‌واوی شه‌قامه‌كانی هندستان داخراون به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس (كۆڤید-19).
بریتی ڤیرما- 27 ساڵ- دایكی دوانه‌كه به ئاژانسی پرێس ترست –ی هندی ده‌ڵێت: "منداڵه‌كانمان دوای ده‌یان ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی هاتووچۆ به‌هۆی داخستنی رێگاكانه‌وه، له‌دایكبوون. خۆم و مێرده‌كه‌م ده‌مانه‌وێت هه‌رگیز ئه‌م رۆژه له‌یادنه‌كه‌ین".
ده‌شڵێت: "له‌شه‌وێكی دره‌نگان به ئاسته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌كی زۆر گه‌یشتینه نه‌خۆشخانه، هیچ كه‌سوكارێكمان له‌گه‌ڵ نه‌بوو".
هه‌ریه‌ك له (بریتی و ڤینای) دایك و باوكی منداڵه‌كان پێیانوایه ئه‌م دوو ناوه "كۆرۆنا" و "كۆڤید" دوو ناوی دیارن بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك گه‌وره‌بوون له‌یادیان نه‌چێت و تێبگه‌ن به چ ئاسته‌نگییه‌ك و له چ بارودۆخێك هاتوونه‌ته دنیاوه.
هه‌ردوو منداڵه (كوڕ و كچه‌كه) رۆژی 27ی ئادار له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی شاری رایبۆر له ویلایه‌تی تشهاتیسگاره-ی هندستان له دایكبوون.
داخستنی ته‌واوی هندستان له رۆژی 24ی ئاداره‌وه، هه‌موو جۆره هاتووچۆیه‌كی وه‌ستاندووه. خزمه‌تگوزارییه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و فڕۆكه‌خانه‌كان په‌كیانكه‌وتووه. 1ملیار و 300 هه‌زار هندیی له‌ماڵه‌كانیان ماونه‌ته‌وه، جگه له هه‌ندێك شوێنی زۆر پێویستی وه‌ك بازاڕی كه‌لوپه‌لی خواردن و ده‌رمانخانه‌كان، كراوه‌ن.
تا رۆژی 5ی نیسان له هندستان 4604 حاڵه‌تی كۆرۆنا ڤایرۆس تۆمار كراوه و 137 كه‌سیش مردوون.
وێڕای ئه‌و ژماره بێشوماره‌ی دانیشتوان به‌به‌راورد به ئه‌مه‌ریكا و ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا، هندستان دۆخی باشه، به‌ڵام به‌رپرسانی ته‌ندروستی دوودڵن له دوو هه‌فته‌ی داهاتووی هندستان كه دۆخی به‌ره‌و خراپی نه‌ڕوات.