چین لە مانگێكدا 4 ملیار دەمامك دەفرۆشێتە وڵاتان
ھاوكات 16 ھەزار ئامێری ھەناسەدانی ھەناردە كردووە
K24 - ھەولێر
لە ماوەی تەنیا یەك مانگدا چین 4 ملیار دەمامكی فرۆشتووەتە وڵاتانی جیھان.
بەگوێرەی ئیدارەكانی گومرگ لە چین، وڵاتەكە لە سەرتای مانگی رابردوو نزیكەی 4 ملیار دەمامكی بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە بە ئامانجی رێگری كردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھەوڵشیداوە باشترین جۆری دەمامك و پێداویستی تەندروستی ھەناردە بكات.
ھاوكات سەرەڕای كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوان لە چین و دروستبوونی كورتھێنانی دەمامك لە جیھان، بەڵام پەكین ھانی كارگەكان دەدات بەرھەمھێنانی پێداویستییە تەندروستییەكانیان زیادبكەن.
ھەر بەگوێرەی ئیدارەكە، لە سەرەتای مانگی رابردوو، 3 ملیار و 860 ملیۆن دەمامك و 37 ملیۆن و 500 ھەزار جلوبەرگی پزیشکی و ھەروەھا 16 ھەزار ئامێری ھەناسەدان و 2 ملیۆن و 840 ھەزار ئامێری ئاشكراكردنی تووشبووان بە كۆرۆنا ھەناردەی زیاتر لە 50 وڵاتی جیھان كردووە، کە بەھای هەناردەکراوەکان بە ملیارێك و 330 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت .