چەند پڵنگ و شێرێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
بۆ یەکەمجار چەند ئاژەڵێکی کێویی تووشی کۆرۆنا دەبن
K24 – ههولێر:
پڵنگێکی تەمەن چوار ساڵ لە باخچەی ئاژەڵانی برۆنکس لە نیویۆرکی ئەمەریکا، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
پڵنگەکە ناوی نادیایە و یەکەم ئاژەڵی کێوییە لە نیویۆرک تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت.
جیا لە نادیا، شەش پشیلەی کێوییش، لە یەکێک لە کارمەندانی باخچەی ئاژەڵان ئەو ڤایرۆسەیان بۆ گوێزراوەتەوە و کۆکەی وشکیان هەیە.
پاول کەیل، بەڕێوەبەری باخچەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، یەکەمجارە دەبیستم کەسێك لەم جیهانە، نەخۆشییەکەی بۆ ئاژەڵان بگوازرێتەوە.
راشیگەیاند، تەنها نادیا پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەڵام خوشکێکی و دوو پڵنگی تر و سێ شێری ئەفریقیش، نیشانەی نەخۆشییەکەیان هەیە.
ئاماژە بەوەش دەکات، نازانین رەفتاری ئەم ڤایرۆسە لەگەڵ ئاژەڵان چۆن دەبێت، بەڵام بە وردی چاودێرییان دەکەین.
لە ئەمەریکا 336 هەزار و 830 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، لەو ژمارەیەش، 123 هەزار و 18 کەسیان، لە نیویۆرک دەژین.
BBC