ئایا ئەو ئەنفلوەنزایەی کۆتایی ساڵی پار بڵاوبووەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو؟

هەندێک کەس پێیان وایە پێشتر تووشی کۆرۆنا بوون

K24 – هه‌ولێر:

هەندێک کەس بڕوایان وایە، ئەو پەتا تووندەی لە مانگی 11 و 12ـی ساڵی رابردوو تووشیان بووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە چونکە زۆربەی نیشانەکان هەمان نیشانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. لەو کاتەش لە هەندێک شوێن، ناوی نەخۆشییەکە نراوە، هەوکردنی تووندی بەشی سەرەوەی سییەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ یەکەمجار لە مانگی 12 و لە شاری ووهانی چین تۆمار کراوە، بەڵام ڤایرۆسەکە مانگێک پێش ئەوە بڵاوبووبوەوە.

بە پێچەوانەوە، ناوەندی توێژینەوەی زیورخ لە سویسرا دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نیوەی مانگی 11، بڵاوبووەتەوە.

شارەزایانی پزیشکیی بە دووری نازانن، ئەو پەتا تووندەی پێشتر بڵاوبووەوە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بووبێت.

لویس ئۆترۆسکی، پرۆفیسۆری نەخۆشییە گوێزەروەکان لە زانکۆی پزیشکی هۆستۆن دەڵێت، ئێمە لە مانگی 12، لەبارەی جۆرێکی نوێ لە ئەنفلوەنزا ئاگادار کراینەوە کە هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

دەشڵێت: "بەڵام بۆ سەلماندنی ئەوەی ئایا ئەو ئەنفلوەنزایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، دەبێت پشکنین بۆ دژە تەنەکان بکەین نەک ڤایرۆسەکە".

ئاماژەی بەوەشداوە، پشکنین بۆ نموونەی خوێنی ئەوانە دەکەن کە مانگی 12 و یەک تووشی نەخۆشییەکە بوون، بۆ ئەوەی بزانن ڤایرۆسەکە لە سووڕی خوێنیان هەبووە.

د. جۆرج بێنیامین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتی تەندروستی گشتی ئەمەریکا دەڵێت، دەبێت پشکنینی زیاتر بکەین ئێمە، رەنگە پێشتر ڤایرۆسەکە بە ئەمەریکادا بڵاوبووبێتەوە.

لەگەڵ ئەوەش، ئەو پزیشکە بە دووری دەزانێت کە ڤایرۆسەکە پێشووتر هەبووبێت، پێشی وایە، ئەگەر ڤایرۆسەکە هەشبووبێت، لە چینەوە بۆ ئەمەریکا گوازراوەتەوە.

هەروەها، جۆش پێتری، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی مەشیگن دەڵێت، زۆر گرنگە ئەوەمان لەبیربێت کە هەندێک جۆری ڤایرۆس، کار دەکەنە سەر کۆئەندامی هەناسەدان، ئەوانەش ساڵی پار بڵاوبووبوونەوە وەکو ئەنفلوەنزای بی، ئاڕ سی ڤی و ئەنفلوەنزای ئەی.

پێشی وایە، رەنگە پێش تۆمارکردنی یەکەم حاڵەت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا هەبووبێت، بەڵام من بڕوا ناکەم مێژووی ڤایرۆسەکە بۆ ساڵی رابردوو بگەڕێتەوە.

 USAToday