نیشانەیەکی دەگمەنی کۆرۆنا لە تووشبووانی بەریتانیا دەردەکەوێت
پزیشکان هۆکارەکەی نازانن
K24 – ههولێر:
لە چەند حاڵەتێکی دەگەمەندا لە بەریتانیا، هەندێک لە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەستی بۆنکردنیان لەدەستداوە و ناشزانرێت کەی چاک دەبنەوە.
هۆڵی بۆرن، تووشبوویەکی کۆرۆنایە و بە سایتی سی ئین ئێنی گووتووە، ئەو هیچ نیشانەیەکی تری ڤایرۆسەکەی نییە، بەڵکو تەنها هەستی بۆنکردنی لەدەستداوە و ئەوەش بە هەستێکی زۆر ناخۆش و بێزارکەر ناودەبات.
ئەو خانمە دەڵێت، بەهۆی لەدەستدانی هەستی بۆنکردن، ناتوانێت وەک پێویست چێژ لە خواردن وەربگرێت.
ستیڤن مونگەر، بەڕێوەبەری پزیشکی زانکۆی فلۆریدا دەڵێت، هۆکاری ئەو حاڵەتانەی بەریتانیا تاکو ئێستا نەزانراوە.
دەشڵێت، لە هەندێک حاڵەتی هەوکردنی سییەکان و هەڵامەت، هەستی بۆنکردن لەدەست دەدرێت، حاڵەتیش هەبووە، بۆ ماوەی چەند مانگێک چاکنەبووەتەوە.
یەکێکی دیکە لە نەخۆشەکان دوای دوو هەفتە لە بەکارهێنانی دەرمان، 70% هەستی بۆنکردنی گەڕاوەتەوە و ئێستا دۆخی باشترە.
نیشانە سەرەکییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریتن لە، قورگ ئێشە، کۆکەی ووشک، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەستکردن بە ماندوویەتی.