ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر رێنمایی نوێ بۆ قەدەغەی ھاتووچۆ بڵاودەكاتەوە

"ئاسانكاری بۆ ھاووڵاتییان دەكرێت"

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، بە چەند ئاسانكاریێكەوە قەدەغەی ھاتووچۆ درێژ بكاتەوە و ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێریش بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا رێنمایی نوێ بڵاودەكاتەوە.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەگەڵ قایمقامەكانی سنووری پارێزگاكە لە كۆبوونەوەدان، گفتوگۆ لەسەر پێشنیاز و رێكارەكان بۆ قۆناغی داھاتووی قەدەغەی ھاتووچۆ دەكەن".

ھێمن قادر، جێگری پارێزگار و وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ دەكەین لەبارەی قۆناغی داھاتووی قەدەغەی ھاتووچۆ، چەند پێشنیازێكمان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام ئاشكرامان نەكردووە، ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێتەوە راست نییە، دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ئێمەش رێنماییەكانی خۆمان وەك ژووری ئۆپەراسیۆن بڵاودەكەینەوە، كە ئاسانكاری تێدا دەكرێت لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری ھاووڵاتییان".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر قەدەغەی ھاتووچۆ تا مانگی رەمەزان درێژكرایەوە، ئەوكات خشتەیەكی دیكەی رێنماییەكان بڵاودەكەینەوە، كە جیاواز دەبێت لە ئێستا".