نرخی نەوت زیاتر دابەزی
نەوتی ئەمەریکا بە شێوەیەکی پێوانەیی بەهاکەی لەدەستدا
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان نرخی نەوتی سووکی تێکساس بە رێژەی لە سەدا 31 بۆ ئاستی 12 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، کە ئەوەش کەمترین ئاستییەتی لە 20 ساڵی رابردوودا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساس بە رێژەی لە سەدا 31.80 بۆ 12 دۆلار و 46 دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنتیش بە رێژەی لە سەدا 5.16 بۆ 26 دۆلار و 63 سەنت دابەزی.
لەم چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، نرخی نەوت زیانی گەورەی بەرکەوتووە و بۆ کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردووی دابەزیوە.
بانکی ئەی ئێن زێد لە نوێترین یاداشتنامەی بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا نرخی نەوت لە ژێر گوشاردایە و کەمبوونەوەی خواست باڵی بەسەر بازاڕی وزەدا کێشاوە، هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای ئەوە دابەزاندنە مێژووییەی ئاستی بەرهەمهێنان لە لایەن رێکخراوی ئۆپێكەوە، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخ نەبوو.