لە سۆران و راپەڕین ھیچ تووشبووێكی كۆرۆنا نەماوە

"ئەمڕۆ دوایین تووشبوو لە راپەڕین رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە"

K24 - سۆران

ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران و راپەڕین ئاشكرایان كرد، ھیچ تووشبووێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو دوو دەڤەرە نەماون.

د. كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوێنێ دوایین پشكنین بۆ بەركەوتووانی تووشبووی گوندێكی ناحیەی سیدەكان وەرگیراوە و ئەنجامی پشكنینەكە نێگەتیڤ بووە، ئێستا ھیچ حاڵەتێكی تووشبووی كۆرۆنا لە دەڤەری سۆران لە نەخۆشخانە نەماوە و ھەموویان چاكبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە".

روونیكردەوە: "لە دەڤەری سۆران 12 كەس تووشی كۆرۆنا ببوون، دوای وەرگرتنی چارەسەر، ھەموویان چاكبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە كرانەوە".

د. كاروان ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەرچەندە سۆران ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران و توركیا، بەڵام بەھۆی رێكارەكانی حكومەت توانرا، كۆرۆنا لە ناوچەكە كۆنترۆڵ بكرێت".

لەلایەكی دیكە د.هیوا مەحموود، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ دوایین تووشبووی كۆرۆنا لە دەڤەری راپەڕین رەوانە ماڵەوە دەكرێتەوە".

راشیگەیاند: "بە گرتنەبەری رێكارەكان و بە بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە قۆناغ ژیانی ھاووڵاتییان ئاسایی دەكرێتەوە".