یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیار دەكرێت

بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان بڕیار دەدرێت

K24 - ھەولێر

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەی لیژنەی بینینی مانگ، بۆ دیاركردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان كۆدەبێتەوە و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناش لەبارەی كردنەوەی مزگەوتەكان بڕیار دەدات.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە كوردستان24ی راگەیاند: "سبەی لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ لیژنەی پارێزگاكان كۆدەبێتەوە و بۆ دەستنیشانكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، دوای ئاوابوونی خۆر مانگ دەبینرێت و ئەوكات بڕیار دەدرێت، ئەگەر لەبەر كەشوھەوا مانگ نەبینرا رۆژی ھەینی دەبێتە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان".

لەبارەی كردنەوەی مزگەوتەكان گوتی: "وەزارەتی ئەوقاف لەگەڵ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر ھێڵە، چونكە بڕیاری كردنەوەی مزگەوت و ناوەندەكانی خوێندن و ھەموو دامەزراوەكان، كە بەھۆی كۆرۆنا داخراون، لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دایە، لەوكاتە بڕیاری كردنەوەیان دەدەن كە مەترسی نەمابێت، ئەم بڕیارە لە دەسەڵاتی وەزارەتی ئەوقاف دا نییە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر پێشنیازی وەزارەتی ئەوقاف بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان دەدرێت.