رێنمایی نوێ بۆ قەدەغەی ھاتووچۆ لە مانگی رەمەزان دەدرێت
وەزارەتی ناوخۆ بەیاننامەی نوێ بڵاودەكاتەوە
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ بەیاننامەیەك لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ بڵاوبكاتەوە. ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناش لە پارێزگاكان رێنمایی نوێ لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ لە مانگی رەمەزان دەردەكەن.
ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە سبەی رۆژی ھەینیەوە بەرنامەی ئەوە دادەنێین ھەندێك شوێن نەكرێنەوە، ئێستا چاوەڕێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ، بۆ ئەوەی كات و شێوازەكەی بزانین، دواتر ئێمەش وەك ژووری ئۆپەراسیۆن رێنمایی دەردەكەین".
روونیكردەوە: "ھەموو ئەو شوێنانەی گردبوونەوەی لێدروست دەبێ ناكرێنەوە وەك كافتریا، مۆڵ، بازاڕی گەورە، ھۆڵی وەرزشی. ئێمە بە ھەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنانە دەكەین".
سەبارەت بە شەوانی مانگی رەمەزان، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "وەك لەم ساڵانەی دوایی بووەتە نەریت، كە شەوانە شوێنە گشتییەكان قەرەباڵغ دەبن، بەڵام ھێشتا لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ لە شەوان بڕیارمان نەداوە، كۆبوونەوە دەكەین و دوای بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێ بڵاودەكەینەوە".
ئاشكراشی كرد: "خشتەی رێنماییەكان لە مانگی رەمەزان بەش بەش دەبێت، رەنگە لە سەرەتا بۆ ھەفتەیەك یان دە رۆژبێت دواتر دەگۆڕدرێت، بەپێی رەوشی تەندروستی مامەڵە لەگەڵ قەدەغەی ھاتووچۆ و رێنماییەكان دەكەین".
سەبارەت بە ھێڵی تەكسی و پاسەكان، ھێمن قادر رایگەیاند: "تاوتوێی ئەو بابەتە دەكەین و سبەی بڕیاری لێدەدەین، بێگومان دەبێ كاتەكانیشیان بۆ دیار بكرێت، ئەم بڕیارەش دوای بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت".
جەختیكردەوە: "ئاسانكاری بۆ ھەموو كاسبكار و ھاووڵاتییان دەكرێت".