سعوودیە چاوەڕێی ئەمەریكایە
ئەگەر ئەمەریکا هاوردە رابگرێت سعوودیە ئاراستەی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی دەگۆڕێت
K24 - ھەولێر
سەرچاوەیەکی بازرگانی و چەند سەرچاوەیەکی باری دەریایی رایدەگەیەنن، کە سعوودیە چاوەڕوانە ئاراستەی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی بگۆڕێت، کە ملیۆنان بەرمیل نەوتیان بۆ ئەمەریکا هەڵگرتووە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە هاوردەی نەوت لە سعوودیە رابگرێت.
بە گوێرەی داتاکانی گواستنەوە، نزیکەی 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی سعوودی لە رێگەدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو بارەکان بگەن، ئەوەش گوشاری زیاتری بۆ بازاڕ دروستکردووە، مەترسی هەیە عەمباری پێویست نەبێت بۆ کۆگاکردنیان.
بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا واشنتن لە توێژینەوەدا بووە، بۆ ئەوەی هاوردەی نەوت لە سعوودیە رابگرێت یاخود پێناسی گومرگی بەسەر بارەکان دا بسەپێنێت، ئەوەش سەختی بۆ بارە دەریاییەکان زیادکردووە کە ئێستا بە نێو دەریا و زەریاکاندا جووڵە دەکەن.
هەروەها چەند سەرچاوەیەک لە کەرتی گواستنەوە ئاماژەیان بەوەداوە، کە سعوودیە مانگی رابردوو هاوڵیداوە لە بڕی ئەوەی کەشتی نەوت هەڵگر بە کرێ بگرن، بارەکان کۆگا بکەن، بەڵام زۆر کەس ئەوەیان رەتکردووەتەوە چونکە پێیان وابووە نرخەکەی بەرزە، هاوکات ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەداوە سعوودیە لە هەوڵی ئەوەدایە ئاراستەی دیکە بۆ کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی بدۆزێتەوە ئەگەر ئەمەریکا هاوردە رابگرێت.
لەو بارەی ئەو هەواڵەشەوە کۆمپانیای ئارامکۆ رەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک بدات.