ئەمەریکا داوای داخستنی بازاڕی ئاژەڵە کێوییەکانی چین دەكات
بۆ هەمیشە دابخرێن
K24 - ھەولێر
ئاژانسەکانی هەواڵی ئەمەریکا بڵاویانكردووهتهوه، واشنتن داوای لە حکوومەتی چین کردووە بۆ هەمیشە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵە کێوییەکان دابخات، ئاماژەیانداوە، ئەو بازاڕانە سهرچاوهی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسانەن کە لە ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێنەوە.
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بە لە بەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان فرۆشتنی ئاژەڵە کێوییەکان بە شێوەی نایاسایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە کوشندەکان، ئەمەریکا داوای لە چین کردووە، بازاڕی ئاژەڵە کێوییەکان و ئەو بازاڕانەی بە نایاسایی ئاژەڵیان تێدا دەفرۆشرێت بە یەکجاری دابخات.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵە دەریاییەکان لە چین سەری هەڵدابێت، کە بەهۆیەوە و سەدان هەزار کەس تووش بوون و دەیان هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.