كۆرۆنا زەوی پاككردەوە

كۆرۆنا ژیانی ئاژەڵ و باڵندەكان دەگۆڕێت

K24 - ھەولێر

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەرچەندە زیانێكی زۆری بە جیھان گەیاندووە، لە بەرامبەردا سوودێكی زۆری بۆ ژینگە و سرووشت ھەبووە. لەماوەی سێ مانگی رابردوودا پیسبوونی ھەواو گازە ژەھراوییەكان بەرێژەیەكی زۆر كەمبووەتەوە، مانەوەی خەڵكیش لە ماڵەكانیان و وەستانی گەشتكردن، ژیانی ئاژەڵ و باڵندەكانی بە تەواوی گۆڕیووە، لێكۆڵەران باس لەوە دەكەن، كۆرۆنا دیوی ئەرێنی لەسەر زەوی ھەبووە و ئەو ژینگەیەی چەندین ساڵە بە دەستی مرۆڤەوە دەناڵێنێت.

لە بەریتانیا بەھۆی ئەو رێكارانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە گیراوەتەبەر، لە ئەنجامی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خاوێنییەكی یەكجار زۆر بە شەقامەكانەوە دیارە، ئێستا ئاژەڵان لە نەبوونی مرۆڤ رێگاوبانەكانیان کۆنترۆڵکردووە و ئەوان لە شەقامەکاندا دەبیندرێن، سەرەڕای زیانەكانی كۆرۆنا، كەچی تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی لە زەویدا روودەدەن.

ستيوارت بيم، مامۆستا لە زانكۆی دیوك دەڵێ: "راستە كۆرۆنا زیانی زۆری ھەیە، بەڵام دیوە ئەرێنییەكەی لەسەر زەوی بە روونی دیارە، بۆ نموونە چەندین ساڵە بەھۆی مرۆڤەوە، ژینگە پیسە، بەڵام كۆرۆنا بە تەواوی پاكیكردووەتەوە، روونی ئاسمانمان لێوە دیارە و سرووشتێكی جوان دەبینین، پیسبوونی ژینگە بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، كۆرۆنا رێگەی دا كە ھەر كەسە و وڵاتەكەی بە جوانترین شێوە ببینێت".

لەگەڵ مانەوەی خەڵك لە ماڵەكانیان بە ئامانجی رێگریكردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی كۆرۆنا، ئاژەڵەكان بێ ترس روو لە شەقامەكان دەكەن، بەتایبەتی لەو شوێنانەی بەر لە كۆرۆنا گەشتیارێکی زۆر سەردانی رووی تێدەکرد،  زانایان لەو بڕوایەدان، ئەم وەرزە دەبێتە  ھۆی زۆربوونی ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی كە لە ماوەی رابردوودا مەترسی لەناوچوونیان لەسەر بووە.

لەوبارەوە ستیوارت دەڵێ: "یەكێك لە كێشەكانی وڵاتان ئەوە بووە كە ژینگەكەی رۆژ بە رۆژ بەرەو داڕمان ئاڕاستەی گرتووە، بەڵام ئێستا ھەلی ئەوەمان بۆ رەخسا كە ژینگەكە بە باشترین شێوە ببینین، ژیانی ئاژەڵەكانمان بیر نەچێت كە بە تەواوی گۆڕاوە، ھیوادارم ئەم دۆخە سەختە ئەوەمان فێربكات كە لە داھاتوودا بتوانین ژینگە و ئاو و ھەوامان بە پاكی رابگرین".

ئاژانسی ناسا پێیوایە،  پیسبوونی ھەوا و ژینگە چەندین ساڵە بەرۆكی وڵاتانی جیھانی گرتووە، بەھۆی كۆرۆناوە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، نیودلھی بە یەكێك لەو شارانه‌ دادەندرێت كە خراپترین ژینگەی ھەیە لەسەر زەوی، كەچی ئێستا و بەھۆی كۆرۆناوە، بووەتە خاوەنی دیمەنێك كە چەندین ساڵە بە خۆیەوە نەیدیوە.

 لە باكووری رۆژھەڵاتی ئەمەریكاش، پیسبوونی ژینگە بەھۆی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنەوە بەرێژەی 30% كەمبووەتەوە. لە رۆماش ئاستی پیسبوونی ھەوا دوو ھێندە كەمبووەتەوە، سەبارەت بە ئاسمانی چینیش، چەندین ساڵە بەو پاك و خاوێنیە نەبیندراوە، ھەر بۆیە لێكۆڵەران دەڵێن، ھەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، چاویان لەو گۆڕانكارییە ئەرێنیانەیە كە رووی لە زەوی كردووە.