عێراق دووچاری کێشەی دابینکردنی مووچە دەبێتەوە
بۆ پێدانی مووچە پێویستیان بە 70 ترلیۆن دینارە
K24 - ھەولێر
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بۆ پێدانی مووچە پێویستیان بە 70 ترلیۆن دینارە، بەڵام ئێستا داهاتی نەوت ناگاتە 30 ترلیۆن دینار.
وەزارەتی پلانداندانی عێراق ئاشکرای دەکات، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن و بەسەر ئەو قەیرانەدا زاڵ بن، پەنا بۆ قەرزی ناوخۆ و دەرەکی دەبەن.
ماهر حەماد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، دۆخی ئابووری و دارایی وڵات زۆر سەختە، و عێراق دۆخی سەختتری تێپەڕاندووە وەک ساڵی 2014، بەڵام قەیرانی ئەمجارە پەیوەستە بە پەتای کۆرۆنا و داڕمانی نرخی نەوت.
حەماد ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە دوو پلانی دوور و کورت مەودای داڕشتووە، یەکەمیان بۆ ئەوەی کە عێراق پشت بەستنی بە نەوت کەمبکاتەوە کە نرخەکەی بەردەوام لە هەڵگەڕانەوەیەوە، پلانە کورت مەوداکەشی ئەوەیە حکوومەت رێوشوێنی خێرا و پێوست بگرێتە بەر، بۆ ئەو دوو ئاراستەیەش رۆژانە کۆبوونەوە بەڕێوەدەچێت، چونکە قەبارەی قەیرانەکە گەورەیە.