شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: ده‌بوایه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له نیازی شیعه‌كان تێبگه‌ین
"له سه‌ره‌تای دروستبوونی عێراقه‌وه كورد له‌گه‌ڵ شۆڤێنییه‌كان كه‌وتووه‌ته جه‌نگێكی به‌رده‌وام"
K24- هه‌ولێر:
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، چاودێری سیاسی دووپاتی كرده‌وه، له‌سه‌ره‌تای درووستبوونی عێراقه‌وه تا ئێستا كورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی شۆڤێنی كه‌وتووه‌ته جه‌نگێكی به‌رده‌وام، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه هه‌میشه رووبه‌ڕووی سه‌ركوتكردن ببێتەوە و مافه‌كانی له‌لایه‌ن رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراقه‌وه پێشێل بكرێن.
ئه‌م قسانه‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا له كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان 24ـدا هاتوون و گوتی: هه‌ر كاتێك حكومه‌ته‌كانی عێراق ویستوویانه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی باوه‌شیان بۆ كورد كردووه‌ته‌وه و دواتر پشتگوێ‌یان خستووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوای ساڵی 2003 به‌هۆی بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له‌لایه‌ن سوننه‌كانه‌وه، شیعه‌كان هانایان بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد هێنا، چونكه پێویستییان پێ‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن رێژه‌ی یاسایی بۆ شه‌رعیه‌تدان به حكومه‌ته‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بوایه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نیازی ئه‌وانمان بزانیبایه، كه كاتێك پێویستییان به ئێمه نه‌ما به‌ڕوومان ده‌وه‌ستنه‌وه.
H.B