زانکۆی ئۆکسفۆرد یەک هەنگاوی ماوە پێکوتەی دژە کۆرۆنا بەرهەم بهێنێت

هیوایەکی داوەتە جیهان

K24 – هه‌ولێر:

پسپۆڕانی پزیشکی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێن، نزیکبوونەتەوە لە بەرهەمهێنانی پێکوتەیەک کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەوەستێنێت.

مانگی رابردوو، سەرکەوتووانە شەش مەیموون بەو پێکوتەیە، کوتانیان بۆ کرا، بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو، تاقیکردنەوەیەک بە بەشداریی شەش هەزار کەس بکرێت تاوەکو دڵنیا بن پێکوتەکە سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەگەر زانکۆی ئۆکسفۆرد لەو تاقیکردنەوەیە سەرکەوتووبێت، لە مانگی 9 چەند ملیۆنێک لەو پێکوتەیە بەرهەم دەهێنرێت.

تاقیکردنەوەکە:

لە تاقیکردنەوەی یەکەم، شەش مەیموونی جۆری rhesus macaque هێنران کە نزیکترینن لە مرۆڤ، دواتر کوتانەکەیان بۆ ئەنجامدرا، ئەو شەش مەیموونە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کران، کە پێشتر کۆرۆنا ئەو جۆرە مەیموونەی نەخۆش خستبوو.

چەند هەفتەیەک دوای ئەوە، مەیموونە کوتراوەکان سەلامەت دەرچوون و هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەیان نەبوو، ئەمەش هیوای دایە پسپۆڕان، ئەگەر لە تاقیکردنەوەی داهاتوو سەرکەوتوو بن، پێکوتەکە بەرهەم دەهێنرێت.

ئێستا لە تەواوی جیهان، 100 تاقیکردنەوەی جیاواز بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دەدرێت، تاوەکو ئێستا هیچیان سەرکەوتنیان رانەگەیاندووە.

پێشتر بەرپرسی تەندروستی حکومەتی بەریتانیاش رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی جارێ نازانین ئەو کەسانەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکدەبنەوە، بەرگری دژی ڤایرۆسەکە دروست دەکەن، بەرهەمهێنانی پێکوتە ئەنجامێکی نابێت.