ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر بۆ قەدەغەی ھاتووچۆی شەوان پێشنیارێك دەكات
سبەی وادەی قەدەغەی ھاتووچۆ كۆتایی دێت
K24 - ھەولێر
سبەی رۆژی ھەینی، وادەی قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان تەواو دەبێت و وەزارەتی ناوخۆ بەیاننامەی نوێ لە بارەی دۆخەكە دەردەكات، ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناش لە ھەولێر سەبارەت بە قەدەغەی ھاتووچۆی شەوان پێشنیارێك دەكات.
ھێمن قادر، جێگری پارێزگای ھەولێر و وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان بە كوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا ھیچ شتێكی فەرمیمان لە بارەی قۆناغی داھاتووی قەدەغەی ھاتووچۆ بڵاونەكردووەتەوە و قەدەغەی ھاتووچۆی 72 كاتژمێری بۆ رۆژانی داھاتوو تەنھا دەنگۆیە و راستی تێدا نییە".
گوتیشی: "وەك ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ھەولێر كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و پێشنیارمان كردووە كە قەدەغەی ھاتووچۆی شەوانە وەك خۆی بمێنێتەوە، ھەر ئاسانكارییەكیش بە باش بزانین بۆ ھاووڵاتییان دەیكەین".
سەبارەت بە قەدەغەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان، ھێمن قادر گوتی: "رەوشی تەندروستی دەبێتە پێوەر بۆ ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان، ئەم بڕیارەش لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆیە".
جێگری پارێزگای ھەولێر، جەختیكردەوە: "تاكو ئێستا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر پێی باشە ھۆڵەكانی وەرزش و كافتریا و شوێنەكانی دیكە كە دەبنە ھۆكاری قەرەباڵغی زۆر بە داخراوی بمێننەوە، ھەر كاتێك رەوشەكە لەباربێت ئەوكات بڕیاری كردنەوەی ئەو شوێنانە دەدرێت".