زەوییە "كارتەكان" تاپۆ دەكرێن

بڕیاری تاپۆكردنی خانووە كارتەكان خاوەن موڵكەكان دڵخۆش دەكات

K24 - ھەولێر

یەكێك لە بڕیارەكان كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەریكردووە، تاپۆكردنی زەوی كارتەكانە، ئەم زەوییە كارتانە تا تاپۆ نەكرێن ناتوانرێت بكرێت بە خانوو، بۆیە لە كاتی مامەڵەكردندا ھاووڵاتییان بە وریاییەوە كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكەن، بڕیارەكەی حكوومەت خاوەن موڵكەكانی دڵخۆش كردووە وەك خۆیان دەڵێن، ئیتر بە ئاسوودەیی دەیكڕن و دەیفرۆشن، داواش دەكەن حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە بڕە پارەیەكی كەمتر لە جاران بۆیان تاپۆ بكات.

ئەو موڵكانەن كە تائێستا تاپۆیان نییە، بەڵكو تەنیا كارتییان ھەیە، لای خەڵك پێیان دەگوترێت زەوییە كارتەكان، تا تاپۆش نەكرێن ناتواندرێت بكرێنە خانوو. بەڵام حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بۆیان تاپۆ بكات. بەشێك لە خاوەن موڵكەكان دەمێكە چاوەڕێی ئەم بڕیارە دەكەن، دوای تاپۆكردنیان ھاووڵاتییان دەتوانن بە متمانەوە مامەڵە بە موڵكەكانیان بكەن.

تەنیا لە یەكێك لە گەڕەكە نوێیەكانی شاری ھەولێر، كە بە گەڕەكی ئاراس ناسراوە، نزیكەی 6 ھەزار زەوی كارت ھەن، كە ھاووڵاتییان تەنیا دەتوانن كڕین و فرۆشتنی پێوە بكەن، خاوەن نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتن تاپۆكردنی ئەم زەویانە بە ھەنگاوێكی گەورەی ئەرێنی دەزانێت.

دابەشكردنی زەوی كارت لە ساڵی 2013ەوە دەستپێكرد، لە سنووری شاری ھەولێر نزیكەی 100 ھەزار پارچە زەوی بە كارت دابەشكراون، تائێستا 65 ھەزار زەوی كارت تاپۆ كراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانیش لە ھەفتەی رابردوودا بڕیاریدا ئەو ژمارەیەی كە ماون تاپۆ بكرێن.