كێ كۆرۆنای هێناوه بۆ عێراق؟
په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئێران راده‌كێشن
K24 - مینیسۆتا/ ئه‌مه‌ریكا:
ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر كۆمپانیای ماهان ئێر -ی ئێرانی ئه‌سه‌پێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆیه‌كانی سه‌لامه‌تی و گه‌شتكردنی پشتگوێخستووه و بۆته هۆی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ عیراق و لوبنان.
پێگه‌ی رێكخراوی به‌رگری له دیموكراتییه‌ت - ئه‌مریكا رۆژی 14ی ئایار له هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌موو جیهاندا رێوشوێنی توندوتۆڵی به‌رانبه‌ر گیرایه‌به‌ر، به‌ڵام هه‌ندێك له هێڵه‌كانی فرۆكه‌وانی ئه‌م رێوشوێنانه‌یان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت.
ده‌شڵێت: "ده‌ركه‌وتووه گواستنه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس بۆ هه‌ریه‌ك له‌عیراق و لوبنان له‌رێگه‌ی هێڵی فرۆكه‌وانی ماهان ئێر-ه‌وه بووه".
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی بی بی سی له ئه‌نحامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه كه چۆن له‌كاتی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ له دنیادا، ماهان ئێر گه‌شته‌كانیان به‌رده‌وام بووه بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و بۆته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه.
ده‌شڵێت: "ماهان ئێر هه‌زاران كه‌شی ئاسمانی كردووه بۆ عیراق و ئیمارات و سوریا و لوبنان له مانگی ئادار-دا".
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه به ده‌یان تیمی فرۆكه‌وانی ماهان ئێر تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بوون به‌ڵام به‌هۆی ترس له‌به‌رێوه‌به‌ری كاره‌كانیان نه‌یانتوانیوه نه‌خۆشییه‌كه رابگه‌یه‌نن. هه‌روه‌ها به‌پێی رۆژنامه‌ی جۆرشه‌لیم پۆست، له مانگی ئادار فرۆكه‌وانێكی ماهان به‌هۆی كۆرۆنا ڤایرۆس گیانی له‌ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی ئێران كه بی بی سی ئاشكرای كردووه به‌هۆی فرۆكه‌وانێكی هێڵی ماهان ڤایرۆسه‌كه له‌چین-ه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ ئێران و بڵاوبۆته‌وه. پێگه‌ی رێكخراوی به‌رگری له دیموكراتییه‌ت نوسیویه‌تی: "ساڵی 2018، ریچارد گرینیل باڵیۆزی ئه‌مریكا له ئه‌ڵمانیا و به‌ڕێوه‌به‌ری ئێستای هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مریكا هه‌وڵیداوه قه‌ناعه‌ت به حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا و ئه‌نجێلا مێركل بكات كه گه‌شتی ئاسمانی ماهان قه‌ده‌غه بكات".