ملیۆنێک کۆمپانیای رووسی لەژێر ھەڕەشەی داخستنن

بێكاری روو لە زیادبوون دەكات

K24 - ھەولێر

ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەڕەشە لە داخستنی یەك ملیۆن كۆمپانیای بچووك و مامناوەند لە رووسیا دەكات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئیزڤستیای رووسی، زۆربەی خەملاندنە سەرەتاییەكان ئاماژەن بەوەی كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كەرتی كارە بچووك و مامناوەندەكان لە رووسیا، زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت و سەرەڕای ئەو رێوشوێن و پاڵپشتییانەی كە حكوومەتی رووسیا گرتیەبەر بۆ ھەردوو كەرتەكە، بەڵام یەكێتی و سەندیكای كار لە رووسیا پێشبینی دەكەن، تا كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، نزیكەی یەك ملیۆن كۆمپانیای بچووك و مامناوەند لە بازاڕەكاندا نەمێنن، لە ئەنجامیشدا تێكڕای بێكاری لە وڵاتەكە روو لە زیادبوون دەكات و ئاستی بژێوی دانیشتووانیش خراپتر دەبێت.

پێشبینی دەكرێت، داكەوتنی گەورە لە ژمارەی كۆمپانیاكانی كەرتی خزمەتگوزاری گەشتوگوزار، ھۆتێل، رێستۆرانت و ھۆڵەكانی وەرزشی بێت.