بانکی ناوەندیی عێراق: نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار وەک خۆی دەمێنێتەوە
"هیچ بڕیارێک بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەرنەکراوە"
بانکی ناوەندیی عێراق، سەرجەم ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی نیازی بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەکەن و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بڕیارێک لەم بارەیەوە دەرنەکراوە.
شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی پلان یان ئاراستەیەک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دەکەن، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە. هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، هیچ بڕیارێک لەم بارەیەوە دەرنەکراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕی پەسەندکراو لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە."
ناوەندیی عێراق داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن، رۆژنامەنووسان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە لە گواستنەوەی هەواڵەکانی پەیوەست بە سیاسەتی نەختینەیی و نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومەت ببەستن، بۆ ئەوەی دوور بن لە شڵەژاندنی بازاڕ و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێکەوتی 7ـی شوباتی 2023، بە فەرمی نرخی گۆڕینەوەی دۆلاری بەرامبەر بە دینار جێگیر کرد، کە بەپێی بڕیارەکە نرخی هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی بە 130 هەزار دینار دیاریی کرا.
سەرباری ئەوەی بانکی ناوەندی نرخی فەرمی بۆ هەر 100 دۆلارێک بە 130 هەزار دینار جێگیر کردووە، بەڵام لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەهای 100 دۆلار لە دەوروبەری 155 هەزار دیناردا مامەڵەی پێوە دەکرێت.