وەزیری داراییی عێراق بەدواداچوون بۆ ئامادەکردنی بودجەی کارنامە و ئەنجامەکان دەکات
وەزیری داراییی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیمی فەرمانگەی بودجە، بەدواداچوونی بۆ قۆناخەکانی داڕشتنی پڕۆژەی بودجەی کارنامە و ئەنجامەکان و تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی کرد.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، فالح ساری، وەزیری داراییی عێراق ، لەگەڵ تیمی کاری فەرمانگەی بودجە لە وەزارەت کۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی قۆناخەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەی بودجەی کارنامە و ئەنجامەکان و تەواوکردنی مەرجە تەکنیکی و کارگێڕییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیر لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کارانە بوو کە لەلایەن تیمەکانی کارەوە ئەنجامدراون و پێداچوونەوەی بە دیارترین ئەو هەنگاوانەدا کرد کە ئێستا جێبەجێ دەکرێن، لە پاڵ تاوتوێکردنی سەرجەم ئەو تێبینی و پێشنیازانەی کە بۆ باشترکردنی پرۆسەکە خرابوونەڕوو.
فالح ساری لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا فەرمانی کرد بە بەردەوامبوونی کارەکان، چڕکردنەوەی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان، پارێزگاکان و دامەزراوە حکوومییەکان، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجە لەسەر بنەمایەکی ورد، زانستی و واقیعی بۆ خزمەتکردنی ئابووریی گشتیی وڵات.