وەزیری ناوخۆی عێراق: لە سنووری سلێمانی ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر، ئاسان نییە

وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت: "وێڕای هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بۆ ڕێگریی لە ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام هێشتا بۆشایی و درزی ئەمنی ماون، بەتایبەتیش لە ناوچەی یەکەمی سنووری سلێمانی". 

عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت: "بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی ئەمنیمان لەگەڵ ئێران ئیمزا کردووە، بەڵام هەندێک بۆشایی و درزی ئەمنی ماون، بە تایبەتیی لە ناوچەی یەکەمی پارێزگای سلێمانی". 

وەزیری ناوخۆی عێراق سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوور لەگەڵ تورکیا، ئاماژەی بەوەدا: "بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا لێژنەیەک  پێک هێنراوە و  تەرخانکراوی دارایی بۆ دروستکردنی ئێشکگری هاوبەش دابین کراوە و 30 بنکەی ئێشکگری دروست دەکەن و ڕێگریی لە هەموو جۆرە دزەکردنێک دەکەن". 

لاهور شێخ جەنگیش لە لێدوانێکدا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "بەرپرسی هەرە گەورەی یەکێتی، بە هاوکاریی کەسێک لە بەغدا پیاوێکیان لە سووریاوە هێناوە و کارگەیەکی ماددەی هۆشبەریان لە سلێمانی داناوە. دواتریش ئەو کارگەیان بەسەر پێشمەرگەیەکدا ساخ کردووتەوە و نکوڵیان لە خاوەندارێتیی کردووە". 

هاوکات مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی ڕێگری لە ماددە هۆشبەرەکان بکرێت و کوردستان پاک بکرێتەوە پێویستە کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئەو ماددانە تێک بدرێن". 

دەسەڵاتی حزبیی پارێزگای سلێمانی، داهاتووی شارەکەی خستووەتە مەترسییەوە و بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا، وێرای بۆشایی ئەمنی، کارگەی درووستکردنی ماددەی هۆشبەر لەو شارە درووست دەکرێت. هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین ئاماری دەست بەسەرداگرتن و ڕێگریی لە ماددە هۆشبەرەکان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام دەسەڵاتی حزبیی سلێمانی ڕێگریی لە کارەکانی حکوومەت و دەسەڵاتی کارگێڕی شارەکە دەکات. 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment