ڕێگەى 20 گوندی قەرەداغ بەگوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار قیرتاو دەکرێت

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە کە ڕێگەوبانەکانى سنوورى حەوت گوندى قەزاى قەرەداغ قیرتاو بکات.
حکوومەتى هەرێمى کوردستان، خزمەتگوزاری و پرۆژەی زیاتر بۆ قەزاى قەرەداغ و گوندەکانی دابین دەکات، ساتى دانانى بەردى بناغەى قیرتاو کردنى ڕێگەکانی حەوت گوندى سەر بە قەرەداغە، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا ڕێگەکانی 285 گوند قیرتاوکراون، و تا کۆتاى ئەمساڵیش ئەو ڕێژەیە دەگاتە زیاد لە 300 گوند، ئەوەى تایبەتیشە بە قەزاى قەرەداغ تا کۆتاى ئەمساڵ، بە تێچووى زیاد لە پێنج ملیار دینار ڕێگەى 20 گوند قیرتاو دەکرێت.
دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکوومەتى هەرێم گوتی: ئێمە لەماوەی ڕابردوودا ئەتوانم بڵێم زیاتر لە 10 گوندی سنووری قەزای قەرەداخ پڕۆسەی قیرتاو کردنی بۆ کراوە، تا کۆتای ساڵیش ئەم ژمارەیە دەچێتە نزیکی 20 گوند، ئاماژەی بەوەش دا، وەکو وەزارەت بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی سنووری قەزای قەرەداغ، هەروەها بۆ پلانی ساڵی 2025 قەزای قەرەداغ شایستەی خۆی بۆ دیاری دەکرێت.
ئەو پڕۆژەیە ڕێگەى حەوت گوند دەگرێتەوە و لە ئایندەیەکى نزیکدا دەست بە کارەکانى دەکرێت، کە تێچووەکەى زیاتر لە ملیارێک و 130 ملیۆن دینارە، بەتەواوبوونى ئەو پڕۆژەیەش ڕێگەکانی کۆمەڵێک گوند بە یەکەوە دەبەسترێنەوە.
ڕەئوف کەمال، قائیمقامى قەزاى قەرەداغ بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆژەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵێک گوند بەیەکەوە دەبەستێت، گوندی ئیبراهیم ئاوا تەنگی سەر کونە کۆتر مێوڵی و گوڵ باز و هەم قازان قایاو هەم سۆڵە هەموو ئەمانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بۆیە بەڕاستی ماوەی چەند ساڵێکە ئەو ڕێگەیانەی کە ئێستا بڕیاری بەردی بناغەی پڕۆژەکەی بۆ دانراوە، چەندین ساڵە خەڵکەکەی چاوەڕێی ئەوەن کە ئەمڕۆ کارێکی وا بڕەخسێت و وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە بڕیاری خۆی بدات.
سنورى قەزاى قەرەداغ فراوانە، جگە لە وەى کە ناوچەیەکى گەشتیارییە هاوکات زۆرینەى دانیشتووانەکەى بە کشتوکاڵ کردنەوە سەرقاڵن، ئەوانیش دڵخۆشن بە پڕۆژەکان و لەوبارەیەوە دەڵێن، بەهۆی ئەو پرۆژانەوە هاتووچۆیان بۆ دەربەندیخان و ناوچەکانی گەرمیان نزیک دەبێتەوە.
ڕەزا کەریم، دانیشتووى گوندى تەنگیسەر دەڵێت: ئەم شەقامە بەستنەوەی شەقامی قەرەداغە بەدێلێژە و بە دەڵی باسەرەوە شتێکی زۆر چاکە و شەقامێکی زۆر گرنگە زۆر سوودی لێ دەبینین.
سەروەر تاڵیب، دانیشتووى گوندى قازان قایا باسی لەوەکرد، خۆشیەکی زۆر سەرسوڕهێنەرە کە ئێستا ئەم شەقامانەمان بۆ بکەن بەقیر، ئەمنیەتی ناوچەکە مان دەبەستێتەوە بەیەکەوە پێش هەموو شتێک کە شەقامی قیر بوو دیارە ئاسایش و ئەمنیەت دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە وگەشتیار زۆر دەبێت ئیش و کار زۆر دەبێت، من خۆم دانیشتووی گوندەکەم بۆ جووتیار زۆر گرنگە.
گرنگیدان بە پڕۆژەکانی ڕێگەوبان بەتایبەت رێگەکانی دەرەوەی شار یەکێک بوو لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژانەشی کە بۆ گوندەکانی سنووری قەزای قەرەداغ بڕیاریان لێدراوە، ئاسانکاری زۆر بۆ هاتووچۆی دانیشتووانی گوندەکانی ئەو سنوورە دەکات و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانی زیاتری گوندەکان.