فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەرچوو
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگەدار ڕایگەیاند: "فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق بە وەکالەت، دادوەر حەیدەر حەنون دەرچوو، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەو دەنگەی سەبارەت بە وەرگرتنی بەرتیل، دزەی پێ کراوە هاوتایە لەگەڵ دەنگی حەیدەر ئەنوون .
سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاندووە: "دوای دەرچوونی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هاوتاکردنی دەنگی دادوەر حەیدەر حەنون، لەگەڵ ئەو دەنگەی سەبارەت بە وەرگرتنی بەرتیل دزەی پێ کراوە و لە سۆشیال مێدیا بڵاوبووەتەوە ، ڕێژەی هاوتاکردنی دەنگەکە 100% و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە".
ڕۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەم، دەسەڵاتی دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت، دەرکرد.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دادوەری کە مێدیای ناوخۆی گوتوە: "دادگەی لێکۆڵینەوەی سێی کەرخ، بەهۆی ئامادەنەبوون لەبەردەم دادگە لەو دۆسیانەی پێی تۆمەتبار کرابوو، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت دەرکردبوو.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد: "دادگا زیاتر لە جارێک ئاگاداریی بۆ حەنون ناردووە، بە مەبەستی ئامادەبوونی لەبەردەم دادگا، بەڵام ئامادە نەبووە".
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند: "ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، دادوەر حەیدەر حەنون، گرتووەتە بەر. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو لێدوانانەی هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر داویەتی و گوتی: "ئەو لێدوانانە ناڕاستن".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ڕەخنەی توندی ئاراستەی دادوەر زیا جەعفەر، کرد کە تایبەت بوو بە ئاشکراکردنی نهێنیەکانی "دزی سەدە".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، تووڕەیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی دەستەکەیان بەلاواز وەسف کردووە لە دیارنەمانی دۆسیەکانی تۆمەتبار نوور زوهێر، لەبەردەم دادوەر زیا جەعفەر، و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارەی تاڵانکراوی وڵات دروست دەکەن.