ئاگری کارگەکەی سلێمانی کۆنترۆڵ کرا

سێشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2024، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند: "ئاگرە گەورەکەی کارگەی ساردەمەنیی سلێمانی، ئێستە کۆنترۆڵ کراوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەریکی پاکردنەوەی ناوچەکەن".

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: "بە تەواوی کارگەکە سوتاوە، زیانی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاری بەرکەوتووە، هاوکات بە پێی دواین زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، ئەو کەسەی کە بووەتە هۆی دروست بوونی ئاگرەکە، ئێستە بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کراوە".

 هەروەها بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە 13 کەس دۆخی تەندروستییان تێک چووە، ئێستە لە نەخۆشخانە دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

لای خۆیەوە توانا بەهاددین، لێپسراوی ئامێرەکانی شارەوانیی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لەو کاتەوەی ئاگرەکە کەوتووەتەوە، بۆ هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، بە شۆفڵ و تەنکەر، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە دوێنێ شەوەوە لێرە بوون و هاوکاریی ئەوانیان کردووە".

دەشڵێت: "دوێنێ شەو ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام لەبەر ئەوەی ماددەی پلاستیکی تێدایە، دووبارە ئاگرەکە سەری هەڵداوەتەوە، ئێستە تیمەکان خەریکی کۆنترۆڵ کردنین، لابردنی خۆڵ و خاشاک و کەرەستەکان دەخرێتە دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە".