وادەی خەرجکردنی تەواوکاریی مووچەی مانگی 9 ڕاگەیەندرا

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا تەواوکاریی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. 

سێشەممە، 15-10-2024، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە: "لە دوو ڕۆژی داھاتوودا، تەواوکاریی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق". 

وەکوو ئەوەی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق باسی کردووە: "مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەمساڵی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکیان نابێت و هاوکات لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق دابەش دەکرێن". 

دوو شەممە، 07-10-2024، بڕی 329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.     

کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستە لە بەردەست وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار؛ بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.     

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment