بوومەلەرزەیەک لە دهۆک ڕوویدا

دهۆک
دهۆک

بوومەلەرزەیەک لە دهۆک ڕوویدا.

پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک ڕایگەیاند: ئێستا بوومەلەرزەیەک لە دهۆک ڕوویدا.

چوارشەممە 16ـی ئۆکتۆبەری 2024، کاتژمێر 10.46 خوولەک، بوومەلەرزەیەک بەپلەی 5.9 لە ماڵاتییای باکووری کوردستان دا و تا ئێستا زیانەکانی نەزانراوە،  پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆکیش دەڵێت: بوومەلەرزەکەی ماڵاتییای باکووری کوردستان لە دهۆک هەستی پێکراوە.

ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24 لە دیار بەکر ڕایگەیاند: زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ماڵاتییای باکووری کوردستان نەزانراوە، لە ماڵاتییا تا شرناخ بوومەلەرزەکە ڕوویداوە، لە ترسی بوومەلەرزەکە و ڕوودانی بوومەلەرزەی دیکە،قوتابخانەکان چۆڵکران و قوتابییان نێردرانەوە ماڵەوە.

دەشڵێت: خەڵک لە ماڵەکانیان هاتوونەتەوە دەرەوە و ئەپارتمانەکانیان چۆڵ کردووە و هاتوونەتە سەر شەقامەکان.

ماهر ئاماژە بەوەش دەکات، دەزگا فەرمییەکانی تورکیا ڕایدەگەیەنن،  بوومەلەرزەکە بە هێزی 5.9 پلە بووە، بەڵام دامەزراوەی بوومەلەرزەی تورکیا ئاشکرای کردووە ، هێزی بوومەلەرزەکە شەش پلەی ڕێختەر بووە، بۆیە ترسێکی گەورە لای هاووڵاتییان دروست بووە لەوەی بوومەلەرزەیەکی وەکو شەشی شوباتی ساڵی ڕابردوو ڕووبداتەوە، دەشڵێت: دوای ئەو بوومەلەرزەیە، بوومەلەرزەیەکی دیکە بەهێزی 3.1 پلەی ڕێختەر بووە لە ناوچەکەی داوەتەوە، ترس لەوە هەیە ماوەیەکی کورتی دیکە بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر لە ناوچەکە بدات.

فەرهاد محەمەد، بەڕێوبەری بەنداوی دهۆک ڕایگەیاند: سەنتەری چاودێری بوومەلەرزەی بەنداوەکە بۆیانی ئاشکرا کردووە، بوومەلەرزەیەک بە هێزی 3.7 پلەی ڕێختەر کاتژمێر 10.47 خوولەکی ئەمڕۆ 16ـی تشرینی یەکەمی 2024 ڕوویداوە و هیچ زیانێک بەر بەنداوەکە نەکەوتووە.