سەرۆکی حکوومەت: ئەوانەی خەونیان بە تێکدانی دەڤەری بارزان دەبینی ئێستا لە گۆڕدان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دوژمنانی کوردستان هەمیشە دژایەتیی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی دەڤەرەکە هیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی 21 پرۆژەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە قیرتاوکردنی جادە و شەقام، دروستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دانا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گۆتارێکدا باسی لە دەڤەری بارزان کرد و گوتی: بارزان دەڤەرێکی ستراتیجییە و مەڵبەندی سەرەکیی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردستان بووە و لە 120 ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەڤەرە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانی کردووە و دەسکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەدەسهێناوە.

هاوکات ڕایگەیاند، دوژمنانی کوردستان هەمیشە دژایەتیی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە هیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە."

مەسرور بارزانی، گوتیشی: "لە ئەنجامی شەڕەکانیشدا، چەندیان جار گوندەکانی دەڤەرەکە سووتێنراون و وێرانکراون، بەڵام هەمیشە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە باوەڕبوون بە خوا، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و دەڤەرەکەیان لە جاران ئاوەدانترکردووەتەوە، هیوادارم دوژمنان هیچ کاتێک نەتوانن ئەم دەڤەرە و هیچ شوێنێکی کوردستان داگیر بکەن."

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەوانەی خەونیان بە تێکدانی بارزان یان شۆڕشی کوردستان بینیبێت ئێستا لە گۆڕدان. بۆیە بە پشتیوانی خوای مەزن، کوردستان و بارزان هەمیشە سەربڵند و پارێزراو دەبن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو گوندەکانی کوردستان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment