وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی نۆی بڵاو کردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-10-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی خشتەکە، سبەینێ هەینی، 18-10-2024، بە خانەنشینی مەدەنی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024، بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.
شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 16-10-2024)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردەوە: "بڕی 109 ملیار و 663 ملیۆن و 329 هەزار دینار وەك شایستەی ڕاگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران، تەمووز، ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە یەکچوو بوو، لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدا بوو؛ خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: "بڕی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێستە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابوورییدایە، نزیکەی 800 ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی 997 ملیار دینارە."
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو: "شاندی تەکنیکیی وەزارەتەکەیان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە هەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەی تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو."
