وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست ڕاگەیەندرا

پێنجشەممە، 17-10-2024، کارۆخ عبداللە گوڵاوی، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، 22-10-2024، مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مووچەی وەزارەتی پەروەردە لەسەرجەم پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین، دابەش دەکرێت."
لەبارەی شایستە داراییەکانی هەردوو مانگی حەوت و هەشتی ئەو مامۆستایانە، گوڵاوی گوتی: "دوای مووچەی مانگی ئەیلوول بەیەکەوە دابەش دەکرێن."
ئەو نوێنەرە باسی لەوەش کرد: "مامۆستایانی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان، لە کۆتایی مامەڵەی گرێبەستبووندان ، دوای تەواوبوونیان ڕاستەخۆ لە بانکەکان بایۆمەتریی UPN ـیان بۆ دەکرێت."
ئەو 37,933 مامۆستایە پێشتر وانەبێژ بوون، بەڵام بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرانە گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ کۆی گشتیی مووچەکانیان دوای بەگرێبەستکردنیان، دەگاتە زیاتر لە 18 ملیار دینار.