قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ دەستی پێ كرد

قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ دەستی پێ كرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایگەیاند: "لە ڕۆژانی داهاتوودا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە دەست پێ دەکەن." 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-10-2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش لەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە شاری هەولێر دەستی پێ كرد. هاوكات هەر ئەمڕۆ پرۆسەكە لە سلێمانی و گەرمیان دەستی پێ كرد و لە زاخۆش كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و زەوی دابەش دەكرێت.

تیروپشكی ڕاكێشانی ئەو پێنج هەزار پارچە زەوییە لە شاری هەولێر، لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر کرا و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانەی دابەشكردنی زەوییەكانی هەولێر ڕایگەیاند: "پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستی پێ كرد و ئەمەش مژدەیەكی خۆشی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان."

ساسان عەونی، گوتیشی: "ئەمڕۆ 5 هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕادەگەیەنین، هاوكات هەر ئەمڕۆش جگە لەو پێنج هەزارە، 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیدا دابەش دەكرێن كە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە و ئێستا ڕێكارەكانی تەواو بووە، واتە تێکڕا 7 هەزار 300 پارچە زەوی دابەش دەكرێت."

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان گوتی: "هەر ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی 6 هەزار و 577 پارچە زەوی وەك قۆناغی یەكەم دابەش دەكرێت."  

هاوكات لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ قۆناغی یەكەم ڕەزامەندی لەسەر 2 هەزار 474 پارچە زەوی دراوە و دوێنێش هەزار و 241 پارچە زەوی لە زاخۆ ڕاگەیەنرا. 

سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەكەش، ساسان عەونی جەخت لەسەر بەردەوامیی دەكاتەوە و دەڵێت: "هەتا ئێستا وەزارەتەكان بەردەوامن لە ناردنی ناوی فەرمانبەرانیان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە ڕادەگەیەنین، گوتیشی لە هەموو شارەوانییەكانیش نەخشەی پێویست بەپێی ژمارەی فەرمانبەران ئامادە كراوە."

ساسان عەونی، لەبارەی زەوییەكانی شاری هەولێر گوتی: "ئەو نەخشەیەی ئامادە كراوە لەسەر 2 هەزار و 90 دۆنمە و لە هەشت گەڕەك پێك هاتووە، 4 هەزار و 828 پارچە زەوی نیشتەجێ لەخۆدەگرێت لەگەڵ ژمارەی دیكەی زیادە، ڕووبەری زەوییەكانیش 200 مەترن و شەقامەكانیان نابێت لە 12 مەتر كەمتر بێت. شەقامی 30مەتری تێیدایە لەگەڵ هێڵی ترام و هێڵی پایسكیل و پیادەڕۆ و باخچەی بچووكی ناو ماڵ و پاركی گەورە و بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مزگەوت و خزمەتگوزارییەكانی تر كە ڕۆژانە بەكار دێن."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment