مەندەلاوی: هیوادارم کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەخێرایی پێک بهێنرێت
سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و هیوا دەخوازێت کابینەی نوێی حکوومەت، بەخێرایی پێک بهێنرێت.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکوومەت و دەنگدەران کرد.
مەندەلاوی لە پەیامەکەیدا "ستایشی هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی ئارام و سەلامەتدا."
سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق پێی وایە "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەم کەشە ئارام و سەقامگیرەدا، ئەنجامی بڕوای خەڵکی هەرێمی کوردستانە بە دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات. هەروەها هەنگاوێکە کە گوزارشت لە ئیرادەی دەنگدەران و خواستەکانیان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و گەیشتن بە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی دەکات."
مەندەلاوی هیواش دەخوازێت "ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، یارمەتیدەر بێت بۆ خێرا پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکار بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."
ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت سەدا 97 و لە دەنگدانی گشتیش سەدا 72ـی تێپەڕاند.
بۆ زانینی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن؛ کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە