رووماڵ

بڵند ئیسماعیل: مەسرور بارزانی لە کابینەی دەیەم کار لەسەر دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز دەکات

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی  لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر ڕایگەیاند: پارتی لە سەنتەری شاری هەولێر زیاتر لە 120 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووتر 50 هەزار دەنگی زیاد کردووە.

بەرپرسی لقی دووی پارتی دەشڵێت: مەسرور بارزانی لە قۆناغی داهاتوو لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز دەکات.

بڵند ئیسماعیل گوتی: بە دەنگی تایبەت و گشتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەنتەری شاری هەولێر زیاتر لە 120 هەزار دەنگی هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووش، 50 هەزار دەنگی پارتی لە سەنتەری شاری هەولێر زیادی کردووە.

دەڵێت: دروشمی داهاتووی پارتی، قۆناغی ئاوەدانکردنەوە دەبێت، قۆناغی زیاتر جێگربوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت، قۆناغی چارەکردنی کێشەکان دەبێت لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور، بەتایبەت پرسی ماددەی 140 و کەرکووک، پێویستە کەرکووک لەو دۆخەی ئێستا تێیدا هەیە، دەربهێندرێت.

لە هەرێمی کوردستانیش قۆناغێکی باشتر لە ئاوەدانکردنەوە دەستپێدەکات، دەڵێت: دڵنیامە مەسرور بارزانی لە کابینەی دەیەم، کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیژی زۆر گەورە و زەبەلاحی لەبەردەستە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەیان نەبێت لەڕووی گەشتیاریی و کشتوکاڵی و پیشەسازیی لەگەڵ هەموو ئەو فاکتەرانەی کە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان پێش دەخات.