شێخ همام حەمودی: سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، نیشانەی تێگەیشتن و هۆشیاریی دیموکراسیە
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە پەیامێکیدا گوتی: "پیرۆزبایی هەڵبژاردن لە گەلی کورد دەکەین، هەروەها سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و قبوڵکردنی ئەنجامەکانیان نیشانەی تێگەیشتن و هۆشیاریی دیموکراسیە."
شێخ د. همام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە و گوتی: "پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکەین، بە بۆنەی سەرکەوتنی ئەزموونی دیموکراسی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو نەرمی و ئارامییەی کە لە پرۆسەی دەنگداندا بینرا، بەرجەستەی ڕادەی متمانەیە بە هەڵبژاردنی دیموکراسی لە گواستنەوەی دەسەڵات و خزمەتکردنی گەل و پاراستنی دەستکەوتەکانیان."
شێخ د. همام حەمودی گوتیشی: "سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و قبوڵکردنی ئەنجامەکانیان نیشانەی تێگەیشتن و هۆشیاریی دیموکراسیە، هەروەها زەمینە خۆش دەکات بۆ پەرلەمانێکی بەهێز و حکوومەتێکی کاریگەر کە لەگەڵ خواستەکانی گەلی کورد و عێراقماندا بێت، بە گشتی، هیوادارین بۆ گەلەکەمان لە کوردستان سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر و بەرەوپێشبردنی هاوسەنگی و یەکڕیزی نیشتمانی بەدی بێت."