رووماڵ

ئەگەر هەڵبژاردن یەک بازنە بووایە، پارتی دەبووە خاوەنی 46 کورسی

پارتی لە نێوان دوو هەڵبژاردندا، زیاتر لە 100 هەزار دەنگی زیاد کردووە، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی بە کەم کردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوی سیستەمی یەک بازنەیی بۆ فرەبازنەیی و نادادیی لە نێوان نرخی کورسیی پەرلەمان لە نێوان بازنەکاندا بوونە هۆی کەمبوونەوەی کورسییەکانی پارتی، ئەگەر بە پێوەری یەکسان بووایە، پارتی دەبووە خاوەنی 46 کورسی.

هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنەکە سێ ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەڵام لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 845 هەزار و 979 کەس بەشداریان لە پرۆسەکە کردووە و ڕێژەی بەشداری %59 بووە.

لە هەڵبژاردنی خولی ڕابردوو کە 2018 بەڕێوەچوو، 29 لیست کێبڕکێیان لەسەر بە دەستهێنانی 100 کورسی کرد و لە کۆتاییدا 16 لیست توانیان کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن، لە نێویاندا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 183 توانی 688  هەزار و 070 دەنگ بە دەست بێنێت و 45 کورسی بە دەست هێنا.

بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە برا، بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 کەس بەشداریان لە پرۆسەکەدا کردووە و ڕێژەی بەشداریش %72 بووە، بە گوێرەی ئەنجامی سەرەتایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 190 توانیویەتی 809 هەزار و 172 بە دەست بهێنێت، کە دەکات %39 دەنگەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، واتە 39 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق

بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا، کە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە 21ی شوباتی 2024، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کەم کردنەوە و کورسی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمار کرد بڕیاریدا 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی بۆ 5 کورسی کەم کردەوە و بڕیاری دا هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کێبڕکێ لەسەر 95 کورسی بکەن و پێنج کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانیشی بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن بەمشێوەیە دابەش کرد:

دابەشبوونی سێ کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان:

- یەک کورسی لە هەولێر

- یەک کورسی لە سلێمانی

-  یەک کورسی لە دهۆک

دابەشبوونی دوو کورسیی کۆتای پێکهاتەی تورکمان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان:

- یەک کورسی لە هەولێر

- یەک کورسی لە سلێمانی

هەروەها دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا سیستمی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەیی گۆڕی بۆ فرە بازنەیی و هەرێمی کوردستان دابەشکرایە چوار بازنە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە)، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکان بفەوتێن.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێشوو سەرەڕای کەمبوونەوەی کۆی ئەو هاووڵاتییانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام دەنگەکانی پارتی 121 هەزار 102دەنگ زیادی کردووە، هەربۆیە ئەگەر سیستمەکە هەر بە یەک بازنەیی بووایە، پارتی 46 کورسی مسۆگەر دەکرد.

هەروەها فرە بازنەیی هۆکارێکی دیکە لەسەر جیاوازی نرخی کورسی لە بازنەکانی هەولێر و دهوک بەراورد بە بازنەکانی سلێمانی هەڵەبجە، چونکە یەکێتی بە کۆی گشتیی 402 هەزار دەنگ توانیویەتی 23 کورسی بباتەوە، هەربۆیە ئەگەر نرخی کورسی هاوتا بووایە پارتی بە 809 و 170 دەنگ کە دەکاتە دوو هێندەی دەنگەکانی یەکێتی، دەبوایە 46 کورسی بباتەوە.

کێشە تەکنیکییەکانی سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان، هۆیەکی دیکەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی پارتی بوون لەم هەڵبژاردنە، هەر بە گوێرەی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی کوردستان24 بۆ ئەم کێشەیە ئامارێکی دەست کەوتووە کە نزیکەی 100 دەنگدەری پارتی بەهۆی هەڵە و گرفتی تەکنیکی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدان، لە دەنگدان بێبەش بوون.