بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018، پارتی زیاتر لە 121 هەزار دەنگی زیاد کردووە
بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پارتی زیاتر لە 121 هەزار دەنگی لەم هەڵبژاردنەدا زیاد کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق, کە ڕۆژی دووشەممە، 21-10-2024؛ بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەماندا، پارتی دیموکراتی کوردستان 121 هەزار و 102 دەنگی زیاد کردووە.
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو؛ بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنەکە، سێ ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەڵام لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 845 هەزار و 979 کەس بەشداریان لە پرۆسەکە کردووە و ڕێژەی بەشداریی %59 بووە.
لە هەڵبژاردنی خولی ڕابردوو کە لە 2018 بەڕێوە چوو، 29 لیست کێبڕکێیان لەسەر بە دەستهێنانی 100 کورسی کرد و لە کۆتاییدا 16 لیست توانیان کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن، لە نێویاندا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 183 توانی 688 هەزار و 070 دەنگ بە دەست بێنێت و 45 کورسی بە دەست هێنا.
بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبرا، بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 کەس بەشداریان لە پرۆسەکەدا کردووە و ڕێژەی بەشداریش 70% بووە، بە گوێرەی ئەنجامی سەرەتایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 190 توانیویەتی 809 هەزار و 172 بە دەست بهێنێت، کە دەکات %39 دەنگەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، واتە 39 کورسی.
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی بەرایی:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: پێنج کورسی
ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئامارە بەراییەکان:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 809,197 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 408,141 دەنگ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 290,991 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 116,981 دەنگ
ڕەوتی هەڵوێست: 55,775 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64,710 دەنگ
بەرەی گەل: 33,365 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان: 11,621 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ