سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 10/22 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، كونسوڵی گشتی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی ، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست .
کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، ئاماژە بە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کرا کە لە کەشێکی ئارام و دیموکراتیانەدا ئەنجام درا سەرەڕای هەبوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی و بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران لە مافی دەنگدان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی و پێویستیی دەستکردن بە ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە زووترین کاتدا، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان .