سەرۆککۆماری عێراق: داوا دەکەم ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ئیرادەی ئازادیی گەل بگیرێت

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات "ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ئیرادەی ئازادیی گەل" بگرن و هەروەها دەست بە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بکەن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-10-2024، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا "سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان"ـی لە خەڵک و لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ئەو "مافە دیموکراسییە گرنگە" پیرۆز کرد. 

سەرۆککۆمار لە پەیامەکەیدا داوای لە لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنەکە کردووە "لەسەر مێزی دیالۆگی نیشتمانی بنیاتنەر دابنیشن، بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بنەمایەی خزمەتکردنی خەڵک، لە پێشینەی کارەکانی بێت و کار بۆ پەرەپێدانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە بکات و پشتگیریش لە بووژانەوەی ئابووری و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام بکات". 

سەرۆککۆمار پێی وایە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، توانیویەتی بە "دەستپاکی و پیشەییانە" هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات؛ بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات "ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ئیرادەی ئازادیی گەل" بگرن. 

ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە. 

 

ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی بەرایی:

 پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی

جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی

ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی

بەرەی گەل: 2 کورسی

بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی

هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی

کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی

 

ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئامارە بەراییەکان:

پارتی دیموکراتی کوردستان: 809,197 دەنگ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 408,141 دەنگ

جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 290,991 دەنگ

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان:  116,981 دەنگ 

ڕەوتی هەڵوێست: 55,775 دەنگ

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64,710  دەنگ

بەرەی گەل: 33,365 دەنگ

بزووتنەوەی گۆڕان: 11,621 دەنگ

هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929دەنگ

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ