رووماڵ

گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیان پێ کردەوە

شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق گەشتە ئاسمانیەکانی دەست پێ کردەوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، هاتوچۆی ئاسمانی بە تەواوی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.

لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکەدا هاتووە "بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە، هاتوچۆی ئاسمانی عێراق ڕاگیراوە، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە ئاسمانی عێراقدایە".

ئاماژە بەوەش کراوە "کۆمپانیای گشتیی بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان، دەستی کردووە بە چۆڵکردنی ئاسمانی عێراق لەو فڕۆکانەی هاتوچۆ دەکەن و هەروەها فڕۆکە ترانزێتەکانیش، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی سەرنشینەکان، هەروەها ئەو فڕۆکانەی کە ئاسمانی ئێمە دەبڕن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە "کۆمپانیای گشتی بۆ هێڵی ئاسمانی عێراقی بە هۆکاری خۆپارێزی بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتەکانی ڕاگرتووە تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گەشتیاران."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشی خۆی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی بۆ هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.