کوردستان و ئیسپانیا  کار لە بواری وزەی نوێ و سامانی ماسی و ئاژەڵداری دەکەن

شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا
شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیمانگای گەشەپێدانی بازرگانی هەرێمی مورسیا لە وڵاتی ئیسپانیا کاری داهێنانی کشتوکاڵی، کەرتی خۆراکی کشتوکاڵی، ئاو و وزەی نوێبووەوە، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و ڕاهێنانی کشتوکاڵی بەیەکەوە دەکەن.

دووشەمە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024،  لەمیانەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئیسپانیا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بریکاری وەزارەت و دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و پورتوگال، سەردانی پەیمانگای گەشەپێدانی کشتوکاڵ و بازرگانی هەرێمی مورسیایان کرد و لەلایەن سەرۆکی پەیمانگا خواکین گۆمێز و تیمەکەی پێشوازیان لێکرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لە دیدارەکەدا پڕۆژەکانی هاریکاری داهاتووی نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی مۆرسای ئیسپانیا  لە بوارە هاوبەشەکانی وەک داهێنانی کشتوکاڵی، کەرتی خۆراکی کشتوکاڵی، ئاو و وزەی نوێبووەوە، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و ڕاهێنانی کشتوکاڵی تاوتوێ کران.

هاوکات بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە نێوان هەردوولا پێکبهێنرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی نێوان هەردوولا.