شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر سەردانی ژووری بازرگانیی مێرسین دەكات
شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، سەردانی ژووری بازرگانی مێرسین دەکەن و ئامانجیان بەهێزکردنی پەیوەندی و زیاترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و شاری مێرسینه.
پێنجشهممه، 31ـی تشرینی یهكهمی 2024، شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە سەرۆکایەتی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوور و بە یاوەری جێگر و ئەندامانی ئەنجوومەن و هەروەها ژمارەیەك لە بازرگانانی کوردستان بە داوەتێکی فەرمی لە لایەن ژووری بازرگانی ئەو شارە و رێکخراوی تيسیاد، سهردانی شاری مێرسینیان له توركیا كرد و لە یەکەم وێستگهشدا سەردانی ژووری بازرگانیی مێرسینیان کرد و لە لایەن سەرۆك و ئەندامان و بەرپرسانی ئەو ژوورە پێشوازییان لێ کرا.
لە دانیشتنێکدا هەردوولا باسیان لە کار و چالاکییەکان کرد، بەشداری کردن لە پێشهنگه نێودەوڵەتییەکان و بۆنە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا جەختیان لەسەر کرایەوە.
لە بەشێکی تری دیدارەکە، باس لە کارئاسانی بۆ بازرگانانی هەردوولا کرا، هەروەها گرنگترین ئەو سێکتەرانە خرانە بەر باس کە دەتوانرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت لە هەردوولا.
پاشان له وێستگهی دووهمدا سەردانی بەندەری شاری مێرسینیان کرد کە بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی هەناردەکردنی کاڵا بۆ عێراق.
ههر دوێنێ پێنجشهممه، شاندهكهی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر سەردانی ناوچەی پیشەسازی شاری مێرسین و تەڕتووسیان کرد.
لە سەردانەکەیاندا کە هەریەکە لە بەرپرسانی ڕێکخراوی تیسیاد و بازرگانانی خۆماڵی یاوەریان بوون، سەردانی ژمارهیهك کارگەی ئەو شارەیان کرد و لە نزیکەوە بە بەرهەمەکانی ئاشنا بوون.
شاندی ژووری بازرگانی و پیشهسازیی ههولێر لەگەڵ چەندین خاوەن کارگە و پیشەسازکارانی ئەو ناوچەیە كۆ بوونهوه و هیوایان خواست کە لە داهاتوودا بتوانن لە شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان کارگە دابمەزرێنن، هەموو پاڵپشتی و ئاسانکاریەکیاین لە لایەن ژوورەوە بۆ دووپات کردنەوە.
هەر لەم سەردانە ئاشنا بوون بە چەندین بەرهەمی نوێ کە لە ئایندەکی نزیکدا لە ڕێگەی بریکارەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.