لیستی مووچەی مانگی 10 ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

 لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-11-2024، لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن نوێنەری وەزارەتەکەیانەوە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و  و ڕۆژی پێنج شەممە، 24-10-2024، کۆتایی بە پرۆسەکە هات. 

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 114 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان زیاترە لە 960 ملیار دینار.