هەولێر.. خاوەنی پیکابێک بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە ئافرەت فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆ و لێدوانێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە نێو پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر، خاوەنی پێکابێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد هەر کەسێک ببێتە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بە گرێنتی خێزانەکەی دەمرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆ و لێدوانێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە نێو پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر، کەسێك باسی لەوە دەکرد ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا پیکابەکەی کە 22 جار فرۆشراوە و ئەو کەسانەی کە کڕیویانە سەرجەمیان خێزانەکانیان مردوون.
هەروەها ئەو کەسە بانگەشەی ئەوەشی دەکرد کە پیکابەکە بە نرخێکی بەرز دەفرۆشێت، یان بە کرێی دەدات. لەسەر داواکاری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە بە تۆمەتی بێڕێزکردن بە ئافرەت، خاوەنی پیکابەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، هەروەها فەرمانی دەستبەسەر داگرنتی ئۆتۆمبێلەکەشی دەرچوو.