سەرۆک بارزانی: بۆ پێکهێنانی حکوومەت، پارتی ڤیتۆی لەسەر کەس نییە

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە سەرۆک بارزانی دەکات

سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەڵاحەددین، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ستیڤن هیتچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد و بیروڕایان لەسەر دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و كاریگەریی لەسەر هاوكێشەكانی جیهان و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرد.

لە دیدارەكەدا، كە ئاندرو بیزلی، كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر، ئامادەی بوو، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان و ڕێژەی بەرزی بەشداریی خەڵك لە دەنگدان و بەڕێوەچوونی لە كەشێكی ئارامدا، لە سەرۆك بارزانی كرد. 

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی خەڵکی كوردستانی كرد كە بەم ڕێژە بەرزە بەشداریی هەڵبژاردنیان كردووە. 

سەبارەت بە دانووساندنەكانی پەیوەست بە پێكهاتە و ئەجێندای حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ڤیتۆی لەسەر كەس نییە و پێویستە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك هێزی پێشمەرگەدا بێت.

هەر لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و كاریگەریی لەسەر هاوكێشەكانی جیهان و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.