نووسینگەی یەکێتيی ئەورووپا: پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانی پەرلەمانی کوردستان سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕێوه چوو
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 7-11-2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له ڕادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتيی ئەورووپا له هه‌رێمى كوردستان كرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم "له ديدارەکەی نێوانیاندا، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ دامه‌زراندنى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، تاوتوێ كران."
به‌رپرسى نووسینگەی یەکێتيی ئەورووپا وێڕاى پيرۆزبايى بۆ سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ئاما‌ژه‌ى به‌وه كرد "به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌وان، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان، سه‌ركه‌وتووانه و به ڕێكوپێكى به‌ڕێوه چووه و مايه‌ى ڕه‌زامه‌نديى ئه‌وانه، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستخۆشیی له هه‌موو لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان كرد."
هەر لە دیدارەکەدا، هه‌ردوولا جه‌ختيان له بره‌ودانى زياتر به هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، به‌تايبه‌تيش له‌و بوارانه‌دا كه بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستن و ده‌توانن يارمه‌تيده‌ر بن بۆ پته‌وكردنى دامه‌زراوه‌كان.
مه‌ترسى و لێكه‌وته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى ديكه، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو.