سەرۆک وەزیران و کونسوڵی ئێران گرنگی پێکهێنانی حکوومەتیان تاوتوێ کرد

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئێران کرد
سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئێران کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسروڵلا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران "سوپاسی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست."

لە دیدارەکەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بە گرنگیی ئاماژە بە سەردانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، بەو هیوایەی ببێتە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە."

کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، "پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد."

هەروەها  کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر "پێزانینی بۆ هاریکاریی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی."