هۆکاری هەرزانبوونی نرخی مریشک ئاشکرا دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق ڕێگری لە هەناردەی مریشک بۆ باشوور و ناوەڕاستیی عێراق دەکات.

ئەمڕۆ هەینی 8ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دابەزینی نرخی مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆکارەکەی حکوومەتی عێراقە بەرامبەر خاوەن پەلەوەرەکان دەیکات.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ دەڵێت: "حکوومەتی عێراق ناهێڵێت هێلکە و پەلەوەری پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بچێتە پارێزگاکانی عێراقەوە بە بیانووی بێبنەما، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ نرخی مریشک.

هێمن سەید موراد دەشڵێت: "مریشک و هێلکە پێداویستیی ناوخۆی پڕکردووەتەوە و زۆر زیاترە پێویستیی بەوەهەیە ڕێی بۆ خۆش بکرێت و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە شارەکانی عێراقیش بە بازاڕ بکرێت، چونکە ڕێژەی پڕۆژەکان و بەرهەمەکە لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە".

هەروەها "ئیستە نرخی کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی پارێزگای هەولێر لە نێوان 2500 بۆ 2600 دینارە".