کارزان نووری: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە بەرامبەر بە ئاوارەکان
ئەندامی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراقی بەرامبەر ئاوارە و پەنابەران زۆر کەمتەرخەمە بە جۆرێک ئەمساڵ تەنیا شەش پاکێجی خواردنی بە ئاوارەکان بەخشیووە.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی تشرینی دووەمی 2024، کارزان نووری، ئەندامی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023وە، دەبێتە دوو ساڵ ئەرکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و لایەنی حکوومی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەرکەکانیان لە بەرامبەر ئاوار و پەنابەران یەکجار قورس بووە، ئەوەش لەبەر دەستکشانەوەی بەشێکی زۆری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکانیان بۆ نێو کەمپەکان کەمکردووەتەوە.
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێری دەڵێت: "ئێمە بە هەندێک بیروبۆ چوون دەڵێین تێڕوانین، تێڕوانینێکی هەڵە لە ڕوانگەی ڕێکخراوی نیودەوڵەتی، چونکە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بووە بۆ ئەو کاتانەی کە قەیران و شەڕ هەیە، بەلام لە ڕاستیدا ئەزموونی ئێمە لە کەمپەکان، لێکەوتەکانی شەڕ، پاشماوەی شەڕ کە جێ دەمێنیت ترسناک ترە لەو شەڕەی کە ڕوویداوە، ئێستە دەبینین بە هەزاران کەس جێگەکانی خۆیان جێهێشتووە و بێ ماڵ ماون، بێ هیوا ماون هیوایان نەماوە بەوەی کە داهاتوویان ڕوون بێت".
دەشڵێت: "بیانووی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە سیاسەتی ئەوان هاوکارییە لە بواری پەرەپێدان، ئەمەش لە کاتێکدا خەڵکی لە ژێر خێمەیەکدا دەژی برسییە، سەرمایە، بێ کارە، بوونی هەموو ئەمانە لە هەموو کۆمەڵگایەیک گرنگە، کۆمەڵگەی خۆجێی و کۆمەڵگای ئاوارە، دەبێت ئامادە سازی بۆ پەرەپیدان بکرێت ئینجا خەڵکی بچێتە ناو ئەو بابەتە".
کارزان نووری ئەوەشی خستە ڕوو، "حکوومەتی عێراق بۆ پەنابەران و ئاوارەکان ئێجگار کەمتەرخەمە، لە ساڵی 2022 لە جیاتی ئەوە 12 پاکێجی خواردن بدات بە خێزانەکان تەنیا چواری بەخشی، لە ساڵی 2023دا تەنیا پێنج پاکێجی بەخشی، ئەمساڵ کە لە کۆتایی ساڵداین شەش بۆ حەوت جار پاکێجی بەخشیوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان کەمپەکان جێهێڵدراون، تاکە ئەکتەری سەرەکی لەناو کەمپەکان مابێت تەنیا دەزگای خێرخوازی بارزانیی و لایەنی حکوومییە".