شارەزوور.. حاڵەتەکانی تووشبوان بە سکچوون و ڕشانەوە گەیشتە دوو هەزار و 500 کەس

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، حاڵەتەکانی سکچوون و ڕشانەوە لە قەزای شارەزوور، گەیشتە 2500 حاڵەت، کە بەشێکی زۆری تووشبوان منداڵن، بەڵام هیچ حاڵەتێکی مەترسیدار نەبووە.

د.عەلی پسپۆڕی منداڵان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "زۆربەی نەخۆشەکان سکچوون و ڕشانەوە و تایان هەبووە، بەشێکیان وشکبوونەوەیان هەبووە، کە هەندێکیان تەنیا بە دەرمان وەرگرتن دەچنەوە ماڵەوە پێویستیان بە خەواندن نییە".

گوتیشی: ئەوانەشی کە دەخەوێندرێن لە نەخۆشخانە "مغەزیان" بۆ دادەنێین و چاودێریان دەکەین، دوای 6 کاتژمێر لە نەخۆشخانە دەردەچن"، باسی لەوەش کرد، "هەموو تەمەنەکانی تێدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی منداڵ بەرگری کەمە، زۆربەی تووشبوان منداڵن".

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێنماییمان ئەوەیە ئاوی موقەتەر "پاڵاوتە" بەکار بهێنن، هەروەها ئەوانەی نیشانەکانی سکچوون و ڕشانەوەی لێ بەدیارکەوت زوو خۆی بگەینێتە نەخۆشخانە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا، لەدەڤەری شارەزوور، 1560 کەس بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی "شەهید ڕەئوف بەگ" کردووە، دەشلێت: تیمەکانمان لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە دەست پێ کرد هەم لە نەخۆشخانەکان و هەم لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، هەروەها پشکینەکان ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری بەکتریاکە". 

سامان بەرزنجی جەختیشی کردەوە، " ئەوەی لە هەڵەبجەی تازە ڕوویداوە، ئێمە بۆچوونەکانمان ڕاست دەرچوو، کە یەکێک لە هۆکارەکان، تێکەڵ بوونی ئاوی مەزراکان بووە لەگەڵ ئاوی خواردنەوە، لە سەر ڕووباری "بێستان سوور"، کە پرۆژەی ئاوی پاک دابین دەکات".